ئەمریکا ھۆشداری دەداتە عێراق کە نابێت دۆلار بە رووسیا و ئێران بفرۆشن

نوێنەرى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راپۆرتێک لەبارەى ئەنجامى سەردانی شاندی حکومەتی عێراق دەداتە پەرلەمان و ئەندامێکى لیژنەى داراییش دەڵێت: “ئەمریکا بە عێراقی راگەیاندووە کە نابێت دۆلار بە ئێران و رووسیا بفرۆشرێت.” 

رۆژی سێشەممە 2023/3/7 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە و عەدنان زورفی، ئەندامی لیژنەکە و نوێنەر لەو شاندەی حکومەتى عێراق کە 8ى شوبات سەردانى ئەمریکایان کرد بۆ تاوتوێکردنى پرسی بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا عەدنان زورفى وتویەتی: لایەنى ئەمریکی رژد بوون لەسەر ئەوەى کە نابێت عێراق دۆلار بە کۆمارى ئیسلامیى ئێران و رووسیا بفرۆشرێت.

جەمال کۆچەر وتیشی: “عەدنان زورفى ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکییەکان، باس لە ئاسانکارى نەکراوە بۆ فرۆشتنى دۆلار و ئەوانیش مەرجى دیکەیان نەبووە.” 

رۆژی 8ى شوباتى 2023، شاندێکى حکومەتى عێراقى بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و بە بەشدارى نوێنەرانى بانکى ناوەندى و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەردانى ئەمریکایان کرد و لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵی و وەزارەتى گەنجینەى ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دۆلار دەفرۆشێت، لە رێگەی ئەو سەکۆیەوە وردبینى لە فرۆشتنى دۆلار دەکرێت، بەمەبەستى رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار و سپیکردنەوەى پارە.

ھەواڵی زیاتر