یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست دەکرێت

هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو کاروباری شەهیدان یاداشتێک بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان واژۆ دەکەن

لە رێورەسمێکدا، هەردو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسێک تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی واژۆ دەکەن.

رۆژی سێشەممە ٧/٣/٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەدیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە هەوڵ و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٩١) لە (٢٢/١٢/٢٠٢٢)، هەردو وەزارەت کار دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی ئەوانەی تائێستا سودمەند نەبون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی بۆ کەسوکاری شەهیدان بکرێت بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و ئەرکی هەموانە، وەک وەزارەتیش ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی شەهیدان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان.

لای خۆشیەوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوپاسی پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کردو جەختیکردەوە، ئیمزاکردنی ئەم کۆنوسە تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەردو وەزارەت.

دواتر لە رێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت واژۆکرا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیار و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان، هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (١٩١)ی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بە دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

ھەواڵی زیاتر