وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلەوە بڕیارێکی دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، بڕیارى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى دەرکرد کە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە.
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەى کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ تۆمار نەكرێن.
وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەکە، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەکرێت.
بەردی ساڵنسا (بەردی ژینگەدۆست) وەکو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت.