هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکرێت

دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی خواردنەوە کحولییەکانی بۆ عێراق دەرکرد و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: “هەر بڕیارێک کە لە حکومەتی عێراق دەربچێت، دەبێت بە فلتەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێت”.

ئەمڕۆ شەممە 2023/3/4 دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڕیاری دا هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ نێو وڵاتەکە قەدەخە بکات.

دەستەکە دەڵێت: بڕیارەکە پاڵپشتە بە یاسای داهاتی شارەوانییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە (4708)ـی بڵاوبووەتەوە. 

لەوبارەوە، سامال عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هەر بڕیارێک کە لە حکومەتی عێراق دەربچێت، دەبێت بە فلتەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێت و پەسند بکرێت، ئینجا جێبەجێی دەکەین. ئەو بڕیارە نەگەیشتووەتە لای ئێمە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئێمەی لەمە ئاگادار نەکردووەتەوە”.

ھەواڵی زیاتر