رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023، لەچوارچێوەی خستنەڕووی دراوە بیانییەکاندا بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 166 ملیۆن و 162 هەزار و 413 دۆلاری خستە بازاڕەوە
ئەمە لەکاتێکدا رۆژی پێنجەشەممە، 23-2-2023 کە دوایین رۆژی هەفتەی رابردوو بوو، بانکەکە 106 ملیۆن و 855 هەزار و 419 دۆلاری خستە بازاڕەوە.
مستەفا گرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “ئەگەر بانکەکە بڕی زیاتر لە دۆلار بخاتە بازاڕەوە و کۆنترۆڵی زیاتری سنوورەکان بکرێت و رێکاری دیکە بگیرێتەبەر، لەوانە مامەڵەکردن بە چەندین دراوی بیانی، داواکاریشیان لەسەر دروستبکات، ئەوا بەهای دینار بەهێزتر دەبێت، ئێمە چاودێریی بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەکەین، کە داوادەکەین بگەڕێتەوە نرخی پێشووی کە یەک دۆلار بە 1200 دینار بوو.”
لەو بڕەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رۆژی یەکشەممە خستوویەتییە بازاڕەوە 97 ملیۆن و 162 هەزار و 413 دۆلاری بۆ حەواڵەیە، نەختینەش 69 ملیۆن دۆلارە.
ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرامبەر بوو بە 152 هەزار و 900 دینار وەکو بەهای کڕین و 153 هەزار و 100 دیناریش وەکو بەهای فرۆشتن مامەڵەی پێوەکرا.