بەرپرسێکی یەکێتی هەڕەشە لە سەرکردایەتی حیزبەکەی دەکات

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناڕەزایی نامەیەكدا كە ئاراستەی سەركردایەتیی حزبەكەی كردووە، رای گەیاندووە: ”من وەک قادر حەکیم، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی و كۆمەڵێك لە کارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندەكەمان، ناڕەزایەتییەکی توندمان لە بڕیارەکانی مەکتەبی ڕێکخستن و لێژنەی ڕێکخستنەوەی ئۆرگەنەکان ھەیە کە بە بیانووی دووبارە چاککردن و رێکخستنەوە، سەدان و بگرە ھەزاران ئەندام و  کادیری دڵسۆز و ماندووی ئەم حزبەیان دوورخستوەتەوە.“

ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”کارەکە ھێندە نەزانانەیە، ئێمەش سەرمان سورماوە و نازانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و چۆن بەری ڕەنجی دەیان ساڵمان دەسوتێنن و ئێمەش تەنھا بینەرێکی بێ دەسەڵاتین؟“

هەروەك ئەوەی روون كردۆتەوە: ”دوورخستنەوەی بەئەنقەست و بێ بەڵگە و بیانووی سەدان و ھەزارن یەکێتی و تێکۆشەر، ھیچ بیانوویەکی نییە جگە لە بوونی ڕقێکی كەسی و پرسی ململانێی ناشەریفانە و ھەوڵی خۆ بردنە پێشی ھەندێک لەسەر حیسابی ھەندێکی تری ماندووی دڵسۆز.“

لە كۆتاییشدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی هەڕەشەی ئەوەی كردووە: ”ئێمە سەرەتا هەڵوێست و پاشان رێگا و رێککاری زۆر توند و چاوەڕوان نەکراو دەگرینە بەر، ئەگەر بەزوویی بەر بەو هەڵمەتە ناڕەوایەی دوورخستنەوەی خەڵکانی دڵسۆز و ماندوو نەگیرێت و دواتریش سەرکردایەتی بە بەرپرسی سەرەکیی دۆخەکە دەدەینە قەڵەم و تاوانی ھەر کاردانەوەیەک دەخەینە گەردنیان بۆ مێژوو.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر، بافڵ و قوباد تاڵەبانی پلەی چوار هەزار كادیری یەكێتییان هەڵوەشاندۆتەوە كە لە دوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە و بە تەزكیەی لاهوور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی پلەكانیان پێ دراوە، لەو ژمارەیەش مووچەی زیاتر لە هەزار كەسیان راگرتووە.

ژێدەر

باسنیوز

ھەواڵی زیاتر