پۆلیسی هەرێمی کوردستان: پشکنینی DNA دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تاقیگەی بایۆلۆژی DNAیان ھەیە و پشکنینی باوکایەتیی دەکەن.

لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA)ـەوە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “بە خۆشحاڵییەوە ئەم خزمەتگوزارییە بە خۆڕاییە و لە وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەشی خزمەت بڵاوکراوەتەوە و دەتوانین ئەو پشکنینە بکەین.”

بەپێی رێنمایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان؛ تەنیا تاقیگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆی ھەیە ئەم پشکنینە بکات، لە دادگاکانیش تەنیا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند دەکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان وتی: ” بە سوپاسەوە تاقیگەکەمان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ نوێترین ئامێری پشکنینی DNAـی بۆ دابینکراوە و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاردەکات “.

لە روونکردنەوەکەیدا دەشڵێت: ” بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کە وا ھەموو کاتێک ئامادەین بۆ ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی لە تاقیگەکانی بەڵگە و تاوانی ھەرێم و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی بە کەمترین ماوە.”

ھەواڵی زیاتر