فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسی باڵا دەرچوو

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایدەگەیێنێت، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ 15 کەسی دیکە دەرکردووە لەسەر دۆسێى بردنى 3.7 تریلیۆن دینارەکەى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج لە بانکى رافیدەین، کە بە “دزیى سەدە” ناسراوە،

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، ئەو فەرمانانە، دەستگیرکردن و بانگکردنن بۆ بەردەم دادگا، کە لە دژى ئەو 15 تۆمەتبارە دەرکراون؛ 10 کەسیان بەرپرسن لە دەستەى گشتیى باجى عێراق و فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردنیان بۆ بەردەم دادگە دەرکراوە، بە تۆمەتى ئەوەى ئاسانکارییان کردووە بۆ بردنى ئەو پارەیە و کەمتەرخەم بوون لە جیێبەجێکردنى ئەرکەکانیاندا.

لەناو ئەو بەرپرسانەى دەستەى گشتیى باج کە دادگا فەرمانى دەستگیرکردن یان بانگکردنی دەرکردوون، بەڕێوەبەرى کاروبارى چاودێریى ناوخۆیی، بەڕێوەبەرى گەنجینەى گشتى، بەرپرسی هۆبەى هەواڵدان لە سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر، بەڕێوەبەرانى لقەکانى دەستەى گشتیى باج لە ناوچەى وەزیریە و زەهرا و حەى عەرەبی لە بەغدا هەن.

تێکڕاى پارە دزراوەکەى بانکى رافیدەین زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە.

ھەواڵی زیاتر