ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی تورکیا 30 هەزاری کەسی تێپەڕاند

زیاتر لە ٣١ هەزار و ٦٠٠ کەس بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکانی تورکیا گیانیان لەدەستدا

ئاژانسی کارەساتەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە کە هەفتەی ڕابردوو باشووری تورکیای هەژاندووە، لانیکەم 31 هەزار و 643 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە و ناوەندەکەی لە پارێزگای کەهرامانماراس بووە و 10 پارێزگای گرتووەتەوە، لەوانە هاتای، غازی عەنتاب، ئادیامان، مەلاتیا، ئەدەنە، دیاربەکر، کیلیس، عوسمانییە و سانلیورفا.

هەروەها چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان و عێراق هەستیان بەو لەرزینە بەهێزە کرد کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا لە ٦ی شوباتدا تورکیای گرتەوە.

بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری (AFAD) لە ئێستادا نزیکەی ٢٣٨ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری کاردەکەن.

ئافاد ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە ١٥٨ هەزار کەس لە ناوچەکان ئاوارە بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ٩ هەزار و ٤٠١ کارمەندی بیانی لە ٧٧ وڵاتەوە کار لەو بوارەدا دەکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ٩٩ وڵات هاوکارییان پێشکەش کردووە و پێشبینی دەکرێت حەوت وڵاتی دیکە تیمی فریاگوزاری بنێرن.

لە سەرانسەری جیهانەوە پرسە و هاوخەمی لەگەڵ تورکیە و سوریا هەیە و زۆرێک لە وڵاتان تیمی فریاگوزاری و هاوکارییان ناردووە.

چادرە خێزانییەکان بۆ قوربانییەکان دانراون:

جگە لە تیمەکانی فریاگوزاری، بەتانی، چادر، خۆراک و تیمەکانی پشتیوانی دەروونی، لەگەڵ زیاتر لە 12,300 ئۆتۆمبێل، لەنێویاندا ئیکسکاڤەتەر و تراکتۆر و بولدۆزەر، ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کران.

ئافاد ڕایگەیاندووە، نزیکەی ١٥٥ هەزار و ٤٠٠ خێمە بۆ ڕزگاربووان دانراون.

دوای بوومەلەرزە سەرەتاییەکە، ڕێڕەوێکی فریاگوزاری ئاسمانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بۆ گەیاندنی تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری بۆ ناوچەکە دامەزرا.

ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە بۆ گواستنەوە، لەنێویاندا فڕۆکەی جۆری A-400M، تیمی گەڕان و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلیان گواستووەتەوە. هەروەها فڕۆکە ئەمبولانسەکان لە ڕێڕەوی یارمەتییە ئاسمانییەکان کەڵک وەردەگرن.

ئافاد ڕایگەیاند، کارمەندان و کەرەستەی فریاگوزاری و فریاگوزاری بە ١٧٠ کۆپتەر و ٧٦ فڕۆکە ڕەوانەی ناوچەکە کراون.

هەروەها بە گشتی ٢٦ کەشتی بۆ ناردنی کارمەندان و ماددی و بۆ چۆڵکردن تەرخانکرابوون.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە لە سەردانی دیاربەکر کە بوومەلەرزەلێدراو بوو بۆ پشکنینی هەوڵەکانی فریاگوزاری، ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکانی هەفتەی ڕابردوو “سێ هێندە بەهێزتر و وێرانکەرتر بوون” لە بوومەلەرزەکەی مەڕمەڕە لە ساڵی 1999 کە وەک گەورەترین کارەسات لە مێژووی تورکیەدا تۆمارکرا.

ھەواڵی زیاتر