رۆژنامەنووسێک لەسەر بڵاوکردنەوەی قسەی باوکی ژینا ئەمینی سزا دەدرێت
رۆژنامەڤانێکی کورد بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەڤپەیڤین لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی بە بەندکردن، سزای نەختی و قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی ئێران سزادرا.
نازیلا مەعرووفییان، رۆژنامەڤانی خەڵکی سەقز رایگەیاند، لە لقی 26ی دادگەی شۆڕشی تاران “بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست لە رێگەی ئەنجامدانی هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی و بڵاوکردنەوەی،” بە دوو ساڵ بەندکردن، 15 ملیۆن تمەن سزای نەختی و 5 ساڵ قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات سزادراوە.
مەعرووفییان لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، بێ دادگەیی و پێدانی مۆڵەتی بەرگریکردن لە خۆی، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو رۆژنامەڤانە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە تاران و بەخاکسپاردنی لە سەقز، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ باوکی ژینا کرد و تێیدا ئەمجەد ئەمینی رایگەیاند، بەرپرسانی دادپزیشکی پێیانگوتووە، لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا شتێک دەنووسن، کە بە قازانجی وڵات بێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەڤپەیڤینە، نازیلا مەعرووفییان رۆژی 30-10-2022 لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، دوای نزیکەی دوو مانگ و نیو راگرتن لە گرتووخانەکانی ئێڤین و قەرچەکی تاران لە 13-01-2023 بە کەفالەت ئازادکرا.
رووداو