دادگای توركیا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ چوار لەو پێنج كەسە دەركرد كە بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە كوشتنی خێزانە كوردەكە دهۆك لە شارۆچكەی نسێبین لە شاری مێردین دەستگیركرابوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 2023/1/23، داواكاری ماردین، بڕیاری زیندانیكردنی بۆ چوار لەو دەستگیركراوانە دەركرد ( ف. ئا، ئا. ك، م. ی و چ. ب) بەتاوانی:”ئەنجامدانی تاڵانی بە شەو، شاردنەوەی تاوان، شاردنەوەی بەڵگەی تاوانێكی دیكە یان بە مەبەستی دەستگیرنەكردن ئەنجامدانی كوشتن و ئەنجامدانی تاڵانی، ھەروەھا ئازادكردنی گومانلێكراوی پێنجەم (م.ش) بەكەفالەت.
رۆژی 19-1-2023، دوو خێزان کە خەڵکی پارێزگای دهۆك بوون، لە رێگەی مێردین لە ئۆتۆمبێل دابەزێندراون و بە گولـلە لە سەریان دراوە و چوار كەسیان لە شوێنی رووداوەكە گیانیان لەدەستدا، یەكێكی دیكەشیان بەھۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.