پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بژاردەی سەرەكیی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بە هەموو شێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی” وەستاونەتەوە و دەڵێت، “یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-01-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “‏‎لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت.”

سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، ئەو دۆخەی لە رابردوودا هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕی، خواستی حیزبەکەی نەبووە و دەشڵێت، “هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و دروستکردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیوە.”

لە چەند رۆژی رابردوودا تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئەوەش کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قووڵتر کردەوە. بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، “‏‎ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە.”

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە زیاتر دەنووسێت و دەشڵێت، “بژاردەی سەرەكیی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بە هەموو شێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە. یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات.” 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆنگرەی 14ـەوە چەندین جار رایگەیاندووە کە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کۆدەبنەوە. لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی دەکەینەوە.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، “دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندیی تەسكی حیزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی.”

سەرۆکی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ئەوکاتە بەهێزترە کە “متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین.” دەشڵێت، “پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتیی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە.”

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، “دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات. خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن. دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا.”

ھەواڵی زیاتر