حکومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغدا گەیشتینە لێکتێگەیشتن

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ( 100) مین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.


‎بەپێی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان “لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 2023/1/11 تاوتوێ کرا” .


‎سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا ، هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
‎سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە سەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار، لەوانە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 ، پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە، گفتوگۆمان کردووە و گەیشتووینەتە چەند لەیەکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

‎بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە 2023/1/11 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

‎لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاوو بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.
‎سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، دووپات کردەوە.
‎دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگ ڕاپۆرتەکەی پەسەند کرد .

ھەواڵی زیاتر