پردی ئاوەخێری، کە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی کەلار – دەربەندیخان، ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە و دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان، لەبارەی گرنگیی ئەم پردەوە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:”پردەکە، لەناو پڕۆژەیەکی گرنگدا دروستدەکرێت و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کە لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێدەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی دروستکردنی بە سستی بەڕێوەدەچن.”
لەبارەی پێکهاتەی پردەکەوە، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان گوتی:”لە ٣٨ چاوگ پێکهاتووە، درێژییەکەی هەزار و ٢٠٠ مەترە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێکیشی شەش مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرزییەکەی ١٨ مەترە و پایەڵەکانیشی ١٤ مەتر لەژێر زەوییەوەن.”
تاوەکو ئێستا، ڕێژەی ٥٠٪ـی کارەکانی دروستکردنی پردەکە تەواوبووە و بە تەواوبوونیشی، دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی کوردستان و عێراق.