مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە کاکەییەکان دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی “یارانی قەوڵتاس”ـەوە “گەرمترین پیرۆزبایی” لە کاکەیی (یارسانەکان) لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، “ئومێدەوارم رۆژانی جەژن لە خۆشی و ئارامیدا بەسەر ببەن.”
ئەمڕۆ شەممە، 07-03-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی جەژنی “یارانی قەوڵتاس”ـی لە کاکەییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، “لەم بۆنەیەدا بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵی دیار و گرنگی کاکەییەکان وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستان دەڕوانین.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، کاکەییەکان “بەشدارییەکی کارایان لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و جەخت لە پاراستنی مافەکانی کاکەییەکان و گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.”
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی هاتنی جەژنی یارانی قەوڵتاس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی کاکەیی (یارسانەکان) لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. ئومێدەوارم رۆژانی جەژن لە خۆشی و ئارامیدا بەسەر ببەن.
لەم بۆنەیەدا، بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵی دیار و گرنگی کاکەییەکان وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستان دەڕوانین کە بەشدارییەکی کارایان لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و جەخت لە پاراستنی مافەکانی کاکەییەکان و گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
جەژنی یارانی قەوڵتاس پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادیدا بن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/1/7