ژمارەی ئایینە جیاوازەکان و پەرستگەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا

لە هەرێمی كوردستان، حەوت ئایین هەن و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بە پێی یاسا ڕێك خراون، و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن. هەروەها هەرێمی كوردستان خاوەنی ٥ هەزار و ٨٠٠ مزگەوت و ١٤٥ كەنیسە و ٤٠٠ شوێنی ئایینیی نێوان هەموو ئایینیەكانە كە لە كابینەی نۆیەمدا پلانی تۆكمەی ئەندازیاری بۆ نۆژەكرنەوەی ئەم شوێنە ئایینییانە داڕێژراوە و لە دیارترینیان نۆژەنكردنەوەی مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین لە شاری هەولێر و مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی گەورەی سلێمانی و بنكەی لالش و چەندین جێگەی ترە لە شاری دهۆك، كە لە سەر ئەركی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كوردستان نۆژەن كراونەتەوە.

ژمارە و ناوی ئەو ئایین و باوەڕانەی بە شێوەیەكی فەرمی لە هەرێمی كوردستاندا ناسێنراون
سەبارەت بە ژمارە و ناوی ئەو ئایین و باوەڕانەی لە هەرێمی كوردستاندان و بەشێوەیەكی فەرمی ناسراون، و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كارەكانیان، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “بەپێی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ى پەرلەمانی كوردستان، حەوت ئایین لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و بەپێی یاسا ڕێكخراون و نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییان هەیە”.
نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەشی بەوە دا: “هەردوو پێكهاتەی ئایینی مەسیحی و ئیزدییەكان، خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كاروباری تایبەت بە خۆیانن و هەر خۆیشیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییە و لە پەیكەری یاسای وەزارەتدا جێگەیان بەڕێوەبەرایەتیی گشتییە”. لەبارەی ناوی ئایینەكانیش گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بۆ هەر یەك لە ئایینەكانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو، زەردەشتی كرد و گوتی: ئەم ئایین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاكییان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزیش لەنێوانیاندا هەیە، و بەشداریی بۆنە و مەراسیم و چالاكیی یەكدیش دەكەن.

ئاماری مزگەوت و كەنیسە و پەرستگە ئایینییەكان
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان ٥ هەزار و ٨٠٠ مزگەوت هەن و بە پێی پێویستیش وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی مۆڵەت دەدات، بەڵام بە مەرجی پێویستیی ئەو شوێنەیە. لەو ژمارەیەى سەرەوەش، لە ٣ هەزار و ٢٠٠ مزگەوتیان وتاری هەینی دەدرێت كە لە چوارچێوەی بۆردێكی باڵای دانانی وتار سەرپەرشتی دەكرێن و بە پێی‌ بڕیاری كۆنفڕانسی ڕێكخستنی گوتاری ئایینیی ساڵی ٢٠١٦ بڕیاری كردنەوەی لە بارەوە دراوە. ئێستا “بۆردی باڵای وتار” و “بۆردی پارێزگاكانی هەرێم”، بە هەماهەنگی، وتاری هەینی دادەنێن.
هەر لە هەرێمی كوردستان، ١٤٥ كەنیسە هەن و بە پێی پێویستیی شوێنەكە حكومەتی هەرێمى كوردستان پاڵپشتیی درووستكردنی كەنیسە دەكات. ئێستاش هەرێمی كوردستان خاوەنی ٤٠٠ شوێنی ئایینیی نێوان هەموو ئایینەكانە و بەشێكیان شوێنی هاوبەشى دوو ئایینن، بۆ نمونە ئایینی ئیسلام و مەسیحی.”

درووستكردن و نۆژەنكردنەوەی پەرستگە و شوێنە ئایینییەكان
لە كابینەی نۆیەم، پلانی تۆكمەی ئەندازیاری داڕێژراوە بۆ نۆژەكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان، دیارترنیان نۆژەنکردنەوەى مەزارگەی سوڵتان مەزەفەرەدین بووە لە شاری هەولێر، كە لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت و بە سێ‌ قۆناغ نۆژەن كراوەتەوە، هەر لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەت مزگەوتی گەورەی سلێمانی و مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ نۆژەن دەكرێنەوە، لە پارێزگای دهۆكیش بەهەمان شێوە كار دەكرێـت، وەك نۆژەنكردنەوی بنكەی لالش و چەندین شوێنگەى ئایینى دیکە لە دەڤەرەكە.

پرسی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان
یەكێك لە سیما دیارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی باوەڕە جیاوازەكانە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتى هەیە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی. لەبارەی هەوڵ و كاری حكومەت بۆ برەودانی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی گوتی: لە كابینەی نۆیەمی حكومەت، وەزارەتمان چەندین كۆنفرانس و كۆنگرە و سیمیناری جۆراوجۆر و كۆبوونەوەی لە پارێزگاكان ڕێك خستووە، بە شێوەیەك سەرجەم ئایینەكانی كۆ كردووەتەوە و پەنێڵی ئەكادیمی ساز داوە بۆ زانایانی ئایینی كە ڕاسپاردە و ئەنجامی لەسەر پێکەوەژیان هەبووە.

پلانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ عومرەكاران لە ساڵی نوێ
زیاتر لە ٢٠٠ كۆمپانیا كاروباری عومرە لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش پلانی وەزارەتی ئەوقاف کاروبارەکانى عومرەكاران بە شێوەیەکى فراوان ڕێک دەخات و لە ڕێگەى لیژنەیەكی تایبەت چاودێرى نرخی عومرە و خزمەتگوزارییەکانی كۆمپانیاكان دەکات کە پێشكەش بە گەشتیاران دەکرێت و هەر كەموكوڕییەكیش هەبێت لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێت.

پرسی حەج
ساڵی ٢٠١٧، ٨٦ هەزار و ٤٦٧ كەس ناوى خۆى بۆ حەج تۆمار كرد، هەر سێ ساڵى ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ کە بە تیروپشك ئەنجام درا، زیاتر لە ١٥ هەزار كەس بووە حاجی، بەڵام بە هۆى هاتنى پەتاى کۆڤید ـ ١٩ (کۆرۆنا) هاووڵاتیان بێبەش بوون لە فەریزەى حەج لە هەردوو ساڵى ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢، تەنیا ٢ هەزار و ١٢٨ كەس بوونە حاجی، چونکە دەوڵەتى عەرەبستانى سعودیە وەک جاران و لەبەر کۆرۆنا ڕێگەى نەدا زیاتر لەمە بەشدار بن.
نەبەز ئیسماعیل گوتی: “لە ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆنفرانسێكی جیهانی لە مەككە دەبەسترێت و بڕیار لەسەر پشكی حەج دەدرێت، لەوێدا ژمارەی حاجیانی كوردستان لەگەڵ عێراق دیاری دەكرێت، هەروەها لە ئێستاوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پلانی گونجاوی ئامادە كردووە و لە كاتی خۆیدا ڕادەەگەیەنرێت”.. “بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بڕیاری داوە لە ڕێگەی وەزارەتی شەهیدان، سەد كەس لە وارسی پلە یەكی شەهیدانی سەنگەر، بە بێ‌ تیروپشك دەستنیشان بكرێن تا هەلی چوونە حەجیان بۆ بڕەخسێت.”

گەشتیاریى ئایینی لە كوردستان
یەكێك لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشخستن و گەشەسەندنی كەرتی گەشتیارییە و لە هەرێمى کوردستانیش چەندین شوێن و ئاسەوارى ئایینی هەن کە دەكرێت ببنە شوێنی گەشتیاری و بە ڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا واڵا بکرێن، بۆیەشە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هۆبەیەكی تازەی سەر بە نووسینگەی وەزیر کردووەتەوە بە ناوی (گەشتیاریی ئایینی). ئەم هۆبەیە سەرقاڵی دیزاینی شوێنە ئایینییەكانە تا بە پاڵپشتیی لایەنی زانستی و كولتووری، نۆژەن بكرێنەوە و بكرێنە ناوەندی گرنگی گەشتیاریی ئایینی و سەردانیكاران و لە هەموو جیهانەوە بتوانن سەردانیان بكەن. هەر ئەم هۆبەیە ڕێبەرێكی گەشتیاری بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپ کردووە و لە دەروازەی هاتنە ناو شارەكانەوە بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەكرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ى كانوونی دووەمی ٢٠٢٣

04 کانوونی دووەم 2023

ھەواڵی زیاتر