ئەو کچەی لە هوانە هێرشیکرایە سەر سکاڵای تۆمارکرد

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کچەی لە گەڕەکی هوانەی سلێمانی لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە هێرشیکرایە سەر، ئەمڕۆ چووەتە بەردەم دادوەر و بڕیاریش دراوە بگەڕێندرێتەوە ناو ماڵباتەکەی.

رۆژی 30-12-2022، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، تێیدا دەردەکەوێت لە هوانەی سلێمانی کۆمەڵێک گەنج هێرش دەکەنە سەر کچێک. پێشتر سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی وتبووی، 16 کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرکراون و بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کچەکە ئەمڕۆ چووەتە بنکەی پۆلیسی رزگاری، دواتریش چووەتە دادگە و سکاڵای لەسەر هەموو ئەو گەنجانە تۆمارکردووە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون، بەتایبەت ئەو گەنجەی کە لێیدەدات.

سەرکەوت ئەحمەد وتی: “کچەکە خەڵکی شاری سلێمانییە و ماڵیشیان لە ناوەندی شارەکەیە، دوای بڕیاری دادوەر، بڕیاردرا بگەڕێندرێتەوە نێو کەسوکاری.”

سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023  وتی: “ئەو کچەی هێرشکراوەتە سەری لە رۆژی رووداوەکەوە نادیارە و نازانرێت لە کوێیە.” باسی لەوەش کرد: “بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەکەی گەورەتر کردووە و یەکێکە لە هۆکارەکانی دیارنەمانی ئەو کچە.”

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی وتی: “تەنیا چوار کەس لەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتباری سەرەکین و ئەوانی دیکە ئەوانەن کە قسەی پێدەڵێن و هاوار دەکەن.”

سەرکەوت عومەر وتیشی، “ئەو سزایانەی لە مادەی 413 دیاریکراون زۆر نین، بەڵام ئەگەر کچەکە دەربکەوێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات دادوەر سزاکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو زیانەی بەر ئەو کچە کەوتووە زۆرە و دەکرێت تاوانبارەکان سزای قورستر بدرێن.”

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر