بازاڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ 147 هه‌زار تۆن گۆشتی مریشكه‌

له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا به‌ رێژه‌ی 20% به‌راورد به‌ ساڵانی پێشوو، ژماره‌ی پرۆژه‌كانی په‌له‌وه‌ر زیادیكردووه‌ كه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی مریشكیش به‌ رێژه‌ی 42% به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، پێشتر هه‌زار و 864 پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌ری و ئاژه‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون و له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌هۆی گرنگیدان زیاتر به‌و كه‌رته‌، ژماره‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ بۆ دوو هه‌زار و 261 پرۆژه‌ی په‌له‌وه‌ری و ئاژه‌ڵی زیادیكردووه‌.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكردووه‌، توانای به‌رهه‌مهێنان له‌ پرۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ 30 ملیۆن و 286 هه‌زار 229 جوجكه به‌رزبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ 240 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می گۆشتی مریشكیان هه‌یه‌، له‌كاتێكدا پێویستی بازاڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ 147 هه‌زار تۆن گۆشتی مریشكه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، هه‌رێمی كوردستانله‌ به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی مریشك گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی و ساڵانه‌ 93 هه‌زار گۆشتی مریشكیش كه‌ له‌ پێویستی بازاڕی ناوخۆ زیاده‌، ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كرێت بۆ ساغكردنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانی تایبه‌ت به‌ قه‌ڵه‌وكردن و به‌خێوكردنی مانگا، به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا 39 پرۆژه‌ دامه‌زراون و كۆی گشتی پرۆژه‌كانی تایبه‌ت به‌ قه‌ڵه‌وكردنی گوێره‌كه‌ بۆ 98 پرۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها 84 پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ مانگای شیرده‌ر هه‌یه‌ كه‌ پێشتر ته‌نها 76 پرۆژه‌بوون، كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی پرۆژه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان به‌راورد به‌ ساڵانی پێشووتر، به‌ رێژه‌ی 76% زیادیان كردووه‌.

ھەواڵی زیاتر