ئەمڕۆ هەینی 23 ی دیسێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرا.
سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر نیشاندا و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرد و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و بەتایبەتی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی کریستیانەکان بەرز نرخاند. خواستی وڵاتەکەشی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتالیا بکات.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئیتالیای کرد کە ڕۆڵێکی گرنگیی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش . گوتیشی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بەهێزی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنیگدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەوروپا بەڕووی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
باشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتالیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و کارو چالاکییەکانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتیکردەوە کە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، دلگەرمی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان و هيوای خواست، پەیوەندی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا پەرە بسەنێت.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر