یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شوێنگرەوەی وەزیرانی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و پێشمەرگە لەگەڵ بریکاری وەزیری ناوخۆ دیاری دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە شوێنی خالید شوانی دەستنیشانکردووە کە ئێستا وەزیری دادی عێراقە.
هەروەها رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وەکو وەزیری پێشمەرگە لە شوێنی شۆڕش ئیسماعیل دەستنیشان کراوە. هاوکات سەرکەوت حەسەن، ناسراو بە سەرکەوتی کوبە کە راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ کاروباری ئەمنی، کراوە بە بریکاری وەزیری ناوخۆ.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەم گۆڕانکارییانە لەنێو تیمی وەزاریی یەکێتی لە حکومەت، ئەنجامی رێککەوتنێکە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە رۆژی سێشەممەی رابردوو کراوە و لە بەرامبەردا، یەکێتی رازیبووە بەوەی فراکسیۆنەکەی دەنگ بە شوێنگرەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدات، هەروەها دەنگ بە شوێنگرەوەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بدات کە هەردووکیان لە پشکی پارتین.
بەهۆی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تیمی یەکێتی لە حکومەت بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا چەند وەزیرێکیان ئامادە بوون.
دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕیارێکی سەرۆک بارزانی ئەوانەی بوون بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، دەبێ دەستبەرداری پۆستە حکومییەکانیان بن، بۆیە پشتیوان سادق کە وەزیری ئەوقاف بوو، دەست لەکار دەکێشێتەوە و لە شوێنی ئەو، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەستبەکار دەبێت. هەروەها هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەست لەکار دەکێشێتەوە و لە شوێنی ئەو، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەستبەکار دەبێت و رێبوار بابکەیی، دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی.
لەبارەی گۆڕانکارییەکان، رووداو پەیوەندی بە سەرکەوت حەسەن (سەرکەوتی کوبە)ـەوە کرد و رایگەیاند، تائێستا بە فەرمی هیچیان پێڕانەگەیاندوون.
ژێدەر
رووداو