بڕیارە سبەی هەینی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا دوای ئەوە دێت رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بوو و بەڵێنی دابوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە نامەکەیدا جۆرجیا میلۆنی، ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەردوولا هاوبەشن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردبوویەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و وزە.
لە نامەکەی جۆرجیا میلۆنی ڕایگەیاندبوو “چاوەڕوانم لە دەرفەتێکی نزیکدا بتانبینم و لەگەڵتان کۆببمەوە.”
لەو سەردانەی دا سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، لە گەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا سەردانی هێزەکانی ئیتالیا دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن.
سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، تەنیا دوای ماوەیەک بەسەر سەردانی کاتالین نۆڤاک سهرۆكى ههنگاريا دێت کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی و کوردستان کۆبووەوە و پاشان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی عەینکاوە قوتابخانەیەکی کردەوە و دواتر سەردانی ئەلقوشی کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢