جۆرجیا كونسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌كاته‌وه‌

باڵیۆزی جۆرجیا خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌یه‌كی فه‌خری له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌12-12-2022، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگەیاند، دوێنێ فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ نووسینگه‌ی خۆی له‌ شاری به‌غدا پێشوازیكردووه‌ له‌ باڵیۆزی جۆرجیا، زازا كاندلاكی.

كاندلاكی، باڵیۆزی نانیشته‌جێی جۆرجیایه‌ له‌ عێراق، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن جه‌ختیكرده‌وه‌، بۆ جۆرجیا گرنگه‌ كونسوڵخانه‌ی له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی 3000 هاووڵاتی جۆرجی له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك هه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و ته‌بلیسی تاوتوێ كراوون و هه‌ردوولا باسیان له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ بۆ هاوكاری نێوانیان له‌ پێناو خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه‌ عێراقییانه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ردانی جۆرجیا بكه‌ن و داوایكردووه‌، ئاسانكاری له‌ پێدانی ڤیزا به‌ هاووڵاتیانی عێراق بكرێت. هه‌روه‌ها خواستی حكومه‌تی عێراقی بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جۆرجیا ده‌ربڕیوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، باڵیۆزی جۆرجیا له‌ عێراق، رایگه‌یاندووه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و دیداری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی عێراقیی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ پێشخستن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئه‌منیدا.

زازا كاندلاكی، ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ڕوو، وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت كونسوڵخانه‌ی فه‌خری له‌ شاره‌كانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای بابل بكاته‌وه‌ و دوای ته‌واوبوونی رێككاره‌كانی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كان، به‌ ره‌سمی ده‌كرێنه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر