کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لەمیانی کردنەوەی قوتابخانەی مێلتۆن لە عەنکاوە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەیانەوێ هاوکاریی زیاتر پێشکیشی هەرێمی کوردستان بکەن. گوتیشی، “ئێوە بە تەنیا نین.”
ئەمڕۆ شەممە، 10-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لە عەنکاوە قوتابخانەی مێلتۆیان بە فەرمی کردەوە کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەنگاریا بە بەهای چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دروستکراوە.
کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان تەنیا نییە و ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، “دەمانەوێت هاوکاریی زیاتر پێکێش بکەین.”
سەرۆکی هەنگاریا لە گوتارەکەیدا رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی، “پێموایە هەمووتان ئاشناییتان لەگەڵ ئاڵای هەنگاریا هەیە. ئاڵاکەمان هاوشێوەی ئاڵاکەتانە. ئەویش سوور، سپی و سەوزە، بەڵام بەداخەوە خۆری تێدا نییە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئێستا ئێمە خۆرمان لە هەنگاریا نییە، بەڵام دەشتوانن ئاڵای هەنگاریا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بەشێکی زۆری شارەکان ببینن. جێگەی شانازیمانە کە دەبینین ئاڵای هەنگاریا لێرەیە، چونکە ئەوە نیازچاکیی گەلی هەنگاریا پیشاندەدات.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەنگاریا باسی لە دۆخی کریستیانەکان لە جیهان کرد و رایگەیاند، “360 ملیۆن کریستیان لە جیهان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.”
لەبارەی یاسای وڵاتەکەیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، نۆڤاک دەڵێت، “ئێمە رێزی خەڵک دەگرین. ئەوەش مانای ئەوەیە کە رێزی ئەوانی دیکە دەگرین. ئێمە حەزناکەین وانە بەکەس بڵێین. تەنیا رێز پێشاندەدەین. ئەوەش واتای ئەوەیە کە دەمانەوێت لە کەسی بەرامبەر تێبگەین و بیناسین و رێزی لێبگرین. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئێمە رێز لە سەروەریی وڵاتی دیکە دەگرین.”
سەرۆکی هەنگاریا لەوبارەوە زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، یاسای دووەم و سێیەمی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە “ئێمە پاڵپشتیی چارەسەری دیموکراسی دەکەین و لەگەڵ دیموکراسیداین و رێزی لێدەگرین. سێیەمیش، ئەوەیە کە ئێمە سەرکۆنەی تووندوتیژی دەکەین. سەرکۆنەی تیرۆر دەکەین. دووژمنی هاوبەشمان تیرۆری نێودەوڵەتییە. ئەوەش ئەوەیە کە سەربازەکانمان لێرە، لە عێراق شەڕی بۆ دەکەن.”
رووداو