مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد.
رۆژی چوارشەممە، 07-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تۆبیاس تۆنکل، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە مارتن یێگەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کلاوس شترایشەر، كۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە “گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و زەمینەسازکردن بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچەیە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان” کرا.