ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو .
سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسولی گشتی بەریتانیای کرد کە لەماوەی کارکردنیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێم و شانشینی یەکگرتوو کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
کونسولی گشتیی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا لە مانگی چواری ئەمساڵدا، کە بووە وەرچەرخانێک لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولادا. کونسولی گشتی بەریتانیا هەروەها سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر