بەڕێوهبهرایهتیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تریی هه‌ولێر، ماتۆرسكیلێك خۆی بە هاووڵاتییەكی بەریتانیدا كێشا و گیانی لەدەست دا.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2/12/2022، بەڕێوهبهرایهتیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: “دوای ئەوەی كاتژمیر 1 و 30 خولەکی به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار كرانەوه به بوونى ڕووداوێكى هاتوچۆ لەسەر شەقامى 100 مه‌ترى نزیک هۆتێلی (ئەرجان رۆتانا)، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنى رووداوەكە و دەرکەوت كە ماتۆڕسكیلێك شۆفێرەكەى به ناوى (م. خ. ش) به رەگەز عەرەبی سووریا، كه كارى دیلیڤەرى دەكات، خۆى كێشاوه به هاووڵاتییەكى به رەگەز بەریتانى به ناوى (ئاندرۆ تورلی)ی تەمەن 59 ساڵ، کە له كۆمپانیایەک لە شاری هەولێر كار دەكات و ویستوویەتی به پیاده لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە هاووڵاتییە بەریتانییەکە گیانی لە دەست داوە.”
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش هاووڵاتییە بەریتانییەکە هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە به ناوى (دەیڤید) كه دانی بەوەدا ناوە، بەر له ڕووداوەكه خواردنەوەی کحوولییان خواردووەتەوە و هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە، بۆیە ئەم کارەساتە ڕووی داوە.
پۆلیسى هه‌ولێر باسى له‌وه‌ش كردووه، ئێستاش شۆفێرى ماتۆرسكیلەکه بەپێی ماددەى (24ی هاتوچۆ) لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر كراوە.