پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوانەی موراد كانی كوردەییان لەبەر چاوی خەڵك و ماڵ و منداڵەكەی ”شەهید كرد“، ئازادانە دەسوڕێنەوە. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە یەكێتی هەڕەشەی لێ كردووە.
ئێوارەی 25ی تشرینی دووەمی 2021، لە رانیە، موراد کانی کوردەیی، فەرماندەی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان درایە بە دەستڕێژی گوللە و خۆی و دوو پاسەوانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم) پێکران، لە ئەنجامدا پاسەوانەکانی گیانیان لەدەست دا و بە گوتەی كەسوكارەكەی، موراد كانی كوردەییش بە برینداری و لە كاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، كوژراوە.
11 مانگ دوای تیرۆركردنی موراد كانی كوردەیی، عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە ساڵانێكی زۆر لە دەزگا ئەمنیەكانی یەكێتی كاری كردبوو، لە هەولێر ئۆتۆمبێلەكەی تەقێندرایەوە و شەهید كرا. دواتر ئەو تۆمەتبارانەی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیر كرابوون، دانیان بەوەدا نا كە بە فەرمانی بەرپرسانی باڵای دژەتیرۆری یەكێتی ئەو كردەوە تیرۆریستییەیان ئەنجام داوە.
لەمبارەیەوە سیامه‌ند عه‌لی مه‌حموود، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان گوتی: ”هه‌ر كه‌سێك یەخه‌ی كه‌سی خۆی گرت، ده‌ستی لێ بشۆ، به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و وڵاته‌ی ئێمه وای لێهات، به‌داخه‌وه له‌به‌رچاوی ماڵ و منداڵت تیرۆرت بكه‌ن.“
ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ”ده‌بوو ئەوانەی موراد كانی كوردهییان شەهید كرد، راده‌ستی دادگا بكرابایه و سزای خۆیان وه‌ربگرتبایه.“
هاوكات عوسمان كانی كورده‌یی، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگەریی كوردستان گوتی: ”به‌داخه‌وه شه‌هید موراد كانی كورده‌یی له‌به‌ر چاوی خانه‌واده و خه‌ڵكه‌وه شه‌هید كرا و هه‌موو دونیا ده‌زانن كێ بوون ئه‌وانه‌ی كه ئه‌ویان شه‌هید كرد، ئێستا بكه‌رانی ئه‌و رووداوه به ئازادانه دەسووڕێنەوە و كه‌سیش بۆی نییه هیچیان پێ بڵێ.“
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی دركاند كە یەكێتی هێرشی كردۆتە سەر و گوتی: ”من خۆم له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه، چه‌ندین جار هێرشم كراوه‌ته‌وه سه‌ر له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه.“
باس نیوز