وریا غەفووری ئازاد نەکراوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین ماڵپەڕی سەر بە حکومەتی ئێران هەواڵی ئازادی وریا غەفووریان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریا غەفووری یاریزانی یانەی فوولادی خوزستان دوای ئەوەی لە ئەهواز دەستبەسەر کراوە بەپەلە بە فڕۆکە بۆ تاران گوازراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گوازراوەتەوە.

مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەکردووە، بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی غەفووری، ئەم بنەماڵە ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز بۆ دیتنی وریا چوونەتە پێش بەندیخانەی ئیڤین بەڵام ئیزنی دیتینیان پێ نەدراوە و تا ئێستاش ئیزنی پەیوەندی تەلەفۆنی بە وریا نەدراوە.

هەنگاو زانیویەتی هێزە سەرکوتکەرەکان دوای دەستبەسەر کردنی وریا غەفووری دەستیان بەسەر مۆبایلی وریا و هەروەها مۆبایلی هاوژینەکەی بە ناوی مۆنا ئەردەڵان گرتووە.

وریا غەفووری ڕۆژی پێنجشەممە (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی لە شاری ئەهواز و لە پێش چاوی دوو منداڵەکەی و هاوژینەکەی دەستبەر و بە شێوەی بە پەلە بۆ تاران گوازراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە وریا غەفووری پێشینەی یاریکردن لە هەڵبژاردەی ئێران و هەروەها یانەی ئیستقلالی تارانی هەیە.

ھەواڵی زیاتر