ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لەدەریای ناوەراستەوە کاریگەری لەسەر کەشوھەوای ناوچەکە ھەیە بارانبارین بە رێژەی جیاواز لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین بەردەوامی ھەیە کە لەھەندێ ناوچە ھەورە بروسکە چالاکە و تەرزەش ئەبارێت، لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کەش لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە ئاسایی بووەتەوە پێشبینی ئەکەین کاتەکانی دوای نیوەرۆ بەدواوە بارانبارین لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و باکوری گەرمیان دەستپێبکاتەوە بەرێژەی مامناوەند و پچر پچر لەھەندێ ناوچەشدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت.”
دەشڵێت، “کاریگەریی ئەم شەپۆلە وەک لە راپۆرتی شەوی ڕابردوودا ڕامانگەیاند تا کاتەکانی درەنگی ئەمشەو بەردەوامی دەبێت و بەرەبەیانی سبەینێ یەکشەممە کۆتایی پێدێت و ئەگەری دروستبوونی تەم و مژی چر لەزۆربەی ناوچەکان ئەبێت تایبەت کاتەکانی شەو بۆ پێش نیوەرۆی سبەینێ.”