بانکی ناوەندیی عێراق ناردنی پارە بۆ بانکەکانی لوبنان رادەگرێت
بانکی ناوەندیی عێراق ناردن (حەواڵە)ی پارەی لە بانکەکانی لوبنان بۆ هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید راگرت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی پارە.
عەممار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەت رۆژی، 22/11/2022، نووسراوی فەرمی بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەپێدراوەکان کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەبەر پێویستیی بەرژەوەندیی کارکردن و بەمەبەستی چاودێری و وردبینی، بڕیاریاندا بە راگرتنی رێکارەکانی ناردنی پارە لە بانکەکانی لوبنان بۆ بانکی رافیدەین لقی بەیرووت و حیسابی بانکی رەشید لە بانکی ناوەندیی لوبنان.
لەوبارەوە خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 24-11-2022، رایگەیاند، ئامانج لەو رێکارەی بانکی ناوەندیی عێراق، رێگریکردنە لە سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی پارە بۆ دەرەوە.
خەلیل دۆسکى گوتی: “ئەو بڕیارەى بانکى ناوەندی سەرجەم بانکەکانى عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمى کوردستانیشەوە، چونکە سەرجەم بانکەکان لە عێراق کە مۆڵەت وەردەگرن لەژێر چاودێریی بانکى ناوەندییدان.”
بەگوێرەى نووسراوێک کە حەمید غزى، ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران لە 20ى تشرینى دووەمى 2022 دەریکردووە، بڕیاردراوە بە دانانى عەلى کەریم حوسێن لە شوێنی عەبدولحەسەن جەمال عەبدوڵڵا لە پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیى بانکى رافیدەین.
عەبدولحەسەن جەمال عەبدوڵڵا لە 6-12-2021 دەستبەکار بووە و لە 6-11-2022 لە پۆستەکەی نەماوە و محەممەد سەمیر عەباس بە وەکالەت لە شوێنەکەی دانراوە.
دانانى بەڕێوەبەرى گشتیى بانکى رافیدەین لەدواى ئەوە هات کە لە ماوەى دوو مانگى رابردوودا دەستەى دەستپاکیى عێراق لێکۆڵینەوەى دەستپێکرد لەبارەى دزینى 2.5 ملیار دۆلارى هەژمارى بانکى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجى عێراق لەو بانکە.
خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییە بەهۆى دۆسیەى دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکەوە بووە لە بانکى رافیدەین. گوتیشى: “بڕیارە هەفتەى داهاتوو ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لەسەر هەمان دۆسیە بگۆڕدرێن کە بەشێکیان بەرپرسی لقەکانى بانکى رافیدەینن”.
جگە لە مامەڵەى دارایی و بانکیى لەنێوان بانکەکانى عێراق و لوبنان، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان ئەو دووڵاتە لە ساڵى 2021 زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار بووە.
23ى تشرینى دووەمى 2022، موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ عەلى ئەدیب حەبحاب، باڵیۆزى لوبنان لە بەغدا کۆبووەوە و باسیان لە زیندووکردنەوەى 20 رێککەوتن و یاداشتانامە کرد کە پێشتر لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کراون.
رووداو