د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایگەیاند، بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حیزب دەستپێشخەری هەیە و هەوڵی جیدیش هەیە بۆ ئەوەی هەردوو حیزب کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن.
راشیگەیاند، “پارتی لە راگەیێندراوی دوای کۆنگرە و یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە مەترسیی گەورە لە ناوچەکەدا رووبەڕوومان دەبێتەوە و پێویستە یەکگرتوو بین”.
چنار سەعد ڕاشیگەیاند، “لەبری ئەوەی هەنگاوەکانمان بۆ گەڕانەوە بۆ رابردوو [دوو ئیدارەیی] بێت، باشترە یەکگرتووتر بین و ئەزموونی هەرێمی کوردستان بپارێزین؛ پارتی هەمیشە ئامادەی دانوستاندن و گفتوگۆیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان”.
چنار سەعد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان بەتەواوی نەپڕاون و “رۆژانە پەیوەندی بەردەوام هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی”، چونکە دوورکەوتنەوە لەیەکدی و نەبوونی گفتوگۆکان کێشەکان چارەسەری ناکات و زیاتری دەکات.