ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نۆڤێمبەر( تشرینی دووەم) ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، قۆناخی دووەم و سێیەمی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر كرایەوە.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پارێزگاكانی دیکەی وەكو دهۆك و سلێمانی دێن بۆ هەولێر، هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێربێن
سوپاسی ئامادەبوونی هەر هەمووتان دەكەم، جێی شانازی و دەستخۆشییە كە دەبینین پڕۆژەیەكی وا بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی، بە توانای ئەندازارانی كوردستانی و كۆمپانیایەكی خۆماڵی جێبەجێ دەكرێت. پیرۆزە لە هەموو خەڵكی كوردستان بە تایبەتی خەڵكی هەولێر.
من دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار، كۆمپانیای هێمن گرووپ دەكەم بۆ ئەم كارە جوانەی كە ئەنجامیانداوە و هیوادارم بتوانین لە داهاتوو، بەشەكانی تری ئەم شەقامەی 150 مەتریش تەواو بكەین كە هەموو بازنەكە بە یەكەوە ببەسترێتەوە.
بێگومان دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ هاووڵاتیان، ئەوانەی كە لە پارێزگاكانی ترەوە وەكو دهۆك و سلێمانی دێن بۆ هەولێر، بەبێ ئەوەی بڕۆن بۆ ناو شار، دەتوانن هەر بەم شەقامە سەفەر بكەن و ڕێگەیان ئاسانتر و خێراتر بێت. ئاسانكارییەكی زۆریش بۆ كار و جووڵەی بازرگانی دەكات، هەروەها جەنجاڵی و قەرەباڵغی بۆ هاووڵاتیان كەم دەكاتەوە.
هیوادارم كە هاووڵاتیان رەچاوی ئەوە بكەن كە ئەم شەقامانە بۆ خزمەتگوزاریی ئەوانە و دەبێ ئەوانیش خۆیان لە تیژڕەوی بپارێزن و ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و كەسوكاریان و ئەو خەڵكانەی تریش كە لەسەر شەقامەكەن.
بەرنامەی كردنەوەی ئەم پرۆژەیە ماوەیەكە دانراوە، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوو بەداخەوە تووشی هەندێك ڕووداوی نەخوازراو بووین، بەڵام پێمان باش بوو ئەم بەرنامەیە دوانەكەوێ لەبەر ئەوەی پێشانی هەموو لایەك بدەین كە ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمان و حكوومەتەكەتان بەردەوام دەبێت، كە ئێمە ئەم كارە خزمەتگوزارییانە ئەنجام بدەین لە كاتی خۆی و هیچ شتێك نەتوانێت بمانوەستێنێت.
ڕاستە لە زۆر روویەوە هەوڵی ئەوە دراوە كە ڕێگریمان لێ بكرێ لەوەی كە بەرنامەی حكوومەت جێبەجێ بكرێت و كارە خزمەتگوزارییەكان وەكو خۆیان جێبەجێ بكەین، هەندێكی بە ئەنقەست بووە، هەندێكی ڕووداوی نەخوازراو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەمووی، ئێمە بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و ڕووبەڕووی هەموو قەیرانەكانیش دەبینەوە و پشتمان بە خوای گەورە بەهێزە. سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دەكەم لە حكوومەتەكەتان كە بەردەوام ئێوە هاندەر بوون بۆ ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە.
بەداخەوە بینیمان لە ماوەی رابردوو دیسان كوردستان مووشەكباران كرا و ڕووبەڕووی هەندێك هێرشی ناڕەوا بووینەتەوە كە بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاكی هەرێمی كوردستان بدرێ و سەروەریی خاك و نیشتمانەكەمان پێشێل بكرێ، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك، هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، هیوادارین ئەم جۆرە پێشێلكارییانە كۆتاییان پێ بێت. ئێمە بەردەوام بووین لە قسەكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیی عێراق، ئێستاش جارێكی تریش داوا لە حكوومەتی فیدرالیی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە سنوورێك بۆ ئەم هێرشە ناڕەوایانەی كە دەكرێنە سەر خاكەكەمان دابنرێت و ئەم دەستدرێژییانەی كە دەكرێنە سەر وڵاتەكەمان، كۆتاییان پێ بێت.
ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی كە كارە خزمەتگوزارییەكانی خۆمان ئەنجام بدەین، ئەجێندای حكومەتەكەی خۆمان جێبەجێ دەكەین. دووبارەش هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەكەینەوە كە كوردستان شوێنی سەقامگیرییە، كوردستان جێی مەترسی نییە. بەهیچ شێوەیەك ئێمە نامانەوێ سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێك تێكبچێت، هیوادارین ئەوانیش، هەر بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتیی كوردستان و خەڵكی كوردستان بكەن، پاڵپشت و هاوكارمان بن. ئەوەی بە پاڵپشتی و هاوكاری بەدی دێ، بێگومان بە چاوی گومانەوە بەدی نایەت. بۆیە ئێمە دەستی دۆستایەتی كە درێژ دەكەین، هیوادارین لایەنەكانی تریش هەر بەو چاوە وەكوو دۆستێك مامەڵەمان لەگەڵ بكەن. بە هەموو شێوەیەك ئێمە سەركۆنەی هەر جۆرە دەستدرێژییەك دەكەین كە دەكرێتە سەر خاكەكەمان.
لە لایەكی دیكەوە بینیمان كە بە داخەوە دوو ڕووداوی زۆر ناخۆش ڕوویان دا، یەكێكیان لە سلێمانی و ئەوەی دیكەش لە دهۆك كە بەداخەوە بەهۆكاری تەقینەوەی غاز، كە ئەمە وایكرد ئێمە چەندین كۆبوونەوە بكەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و بڕیاری پێویست وەربگرین. من لێرە جارێكی تر سەرەخۆشی لە قوربانییانی ئەم دوو كارەساتە دڵتەزێنە دەكەم، هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشتی بەرین بێت و ئەوانەی كە برینداریشن، ئینشائەڵڵا خوا زوو شیفایان بدات. ئەوەی لەسەر حكومەت بووە بۆ یارمەتیدان، كردوویەتی و بەردەوام دەبین، هەرچیش پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی كە بوونەتە قوربانی یان پێویستییان بە هاوكاریی حكوومەتە، بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی ئەركەكەمان.
لێرە ئەوەی پێویستە من باسی بكەم، ئەركەكەمان ئەمەیە، حكومەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی. بەڵام هەندێك شت هەیە، ئەرك و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە، حكومەت ڕێنمایی دەردەكات و ئاسانكاری دەكات و كارە خزمەتگوزارییەكانی خۆی دەكات، بەڵام هاووڵاتیش بەرپرسیارێتی لەسەر شانە كە ڕێنماییەكان وەكو خۆیان جێبەجێ بكەن.
بەداخەوە بیستوومە كە هەندێك لەو ڕێكارانەی كە خەڵك گرتوویەتیە بەر بەبێ ئەوەی ڕووخسەت و دەرفەتی كار لە حكومەت وەربگرێت یان ڕێنماییەكانی حكومەت و وەزارەتەكان جێبەجێ بكەن، لەخۆیانەوە هەندێك كاریان كردووە كە بەداخەوە هەم ژیانی خۆیان و هەم ژیانی خەڵكێكی تریان خستۆتە مەترسییەوە.
من داوام كردووە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە هۆكاری ڕووداوەكان بكەن و بزانن لە كوێ ئێمە دەتوانین یارمەتی بدەین بۆ ئەوەی نەهێڵین جارێكی تر رووداوی وا دڵتەزێن ڕووبدات یان خوانەخواستە تووشی كارەساتێكی تر ببینەوە.
بۆیە پێویستە هەم حكومەت و هەم هاووڵاتی لە نزیكەوە هاوكاریی یەكتر بكەن، ئەوەی لەسەر شانی هەر هەموومانە، ئەوەیە كە هەریەك بەپێی بەرپرسیارێتیی خۆی كارەكان بكات، ئێمە ناتوانین لە لایەك بە تەنیا هەموو شتەكان بكەین، هەموومان بەیەكەوە دەتوانین هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ باشتركردنی بارودۆخی وڵاتەكەی خۆمان.
خاڵێكی تر كە دەمەوێ ئاماژەی پێ بكەم، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە. ئێمە دوای ئەوەی كە حكومەتێكی نوێ پێكهات، هەموو هەوڵێكمان داوە كە لەگەڵ حكوومەتی نوێ پەیوەندییەكی پتەوتر و باشتر دروست بكەین، ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ سەرۆك وەزیران باشە، لەگەڵ ئەم حكوومەتە لە قۆناغێكدایە كە ئامادەكاری دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوانماندایە.
ئێمە ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ حكوومەتی ئێستای عێراق هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر. هیوادارین لە كاتێكی زوودا شاندەكەی ئێمە سەردانی بەغدا بكات. هەر وەكو دەزانن، دوێنێ بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدای كرد هەر بۆ هەمان مەبەست، شاندی وەزاری و تەكنیكی ئێمەش ئامادەن كە بڕۆن و خۆشم ئامادەم هەر كاتێك كە پێویست بێت، سەردانی بەغدا بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتانەی كە هەن. من ئومێدم وایە دەتوانین لە كاتێكی زووشدا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەوەی بە یەكەوە دەتوانین بیكەین لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی، بێگومان لە دوورەوە ناتوانین بیكەین یان بە دابڕان لە یەكتر ناتوانین بیكەین. هاوكاریی دوولایەنە زەروورە بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان، هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ یەكتر، هاوكاری و پشتیوانیكردنی یەكتر دەتوانێت سەركەوتنی گەورەترمان بۆ دەستەبەر بكات، ئەمە دەتوانێت هەم وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو بووژانەوەیەكی زیاتر ببات، لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیرییەكی زیاتر بەرهەم بێنێت، لە رووی ئاسایشی نیشتمانیشەوە ئێمە دەتوانین هەنگاوی زۆر باشتر بهاوێژین.
لە كۆتاییدا من جارێكی تر سوپاسی هەمووتان دەكەم، سوپاسی كۆمپانیای هێمن گرووپ دەكەم، ئەم دەستكەوتە گەورەیەش لە هەموو خەڵكی كوردستان و خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست پیرۆز دەكەم، ئینشائەڵڵا هەر سەكەوتوو بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.