وەزیری دارایی: گەشبینین ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت
وەزیری دارایی رایگەیاند: “لە بەروارێکی نزیکدا بڕیارە سەردانی بەغدا بکەن بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان”.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی سێشەممە2022/11/22، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندی کونسلی گشتی فەرەنسا لە هەولێر کرد، کە پێکهاتبوون لە رودولف ریشاڵد، جێگری کونسڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر وهۆگو بۆغێل، ڕاوێژكاری دارایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كامی شابی، پاشکۆی ئابووری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە بەغدا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامانجی سەردانەکەیان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دەستپێکردن بە دانووستاندنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند بوو، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 و چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غاز.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە دیدارێکدا ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوان “سوپاسی حکوومەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشتی پرسەکانی گەلی کورد بووە بەدرێژایی مێژوو.”
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: “لە بەروارێکی نزیکدا بڕیارە سەردانی بەغدا بکەین بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان و گەشبینین بەوەی ڕێکەوتن بکرێت لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر کۆتایی هێنان بە کێشەکان.”
وەزارەتی دارایی ئاشكراشی كردووە،لای خۆیانەوە، شاندی میوان بە وەزیری دارایی و ئابووریان ڕاگەیاند: “ئامادەین هەماهەنگی دانوستاندنەکان بکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.”
لە کۆتاییدا هەردوو لا خۆشحال بوون بە هاوبەشی کاربکەن بۆ چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند.