ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2022 سەرۆک بارزانی پێشوازی لە تسوی وی باڵیۆزی چین و شاندی یاوەری کرد.
شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان و دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی پارتی. هەروەها وەفدەکە پیرۆزباییان لەهەڵبژاردنی جێگرانی سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی پارتیش کرد و هیوای سەرکەوتنیان خواست لەکارەکانیاندا.
شاندەکە پێزانینی بۆ پەیوەندییە توندوتۆڵ و لەمێژینەی نێوان هەردوولا هەبوو کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش بنیاتنراوە.
شاندەکە داوای پابەندبوونی بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە کرد کە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەڕێگەی دیالۆگەوە.