زیلێنسکی: دەستبەرداری یەک سانتیمەتری ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا نابین
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنیدا هێزەکانی لە شەڕە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، “تەنانەت یەک سانتیمەتریش” دەستبەردار نەبن، لەکاتێکدا بەرپرسانی ڕاسپێردراوی ڕووسیا باسیان لە هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا کرد کە بە تانک هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەیەکی باشووری وڵاتەکەی.
خاڵە سەرەکییەکانی ململانێکان لە ناوچەی پیشەسازی دۆنێسک لە دەوروبەری شارۆچکەکانی بەخموت، سۆلیدار و ئەڤدیڤکایە، کە دیمەنی قورسترین شەڕی ئۆکرانیایە لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی شوباتدا.
زێلێنسکی لە وتاری ڤیدیۆیی خۆیدا، شەوی سێشەممە ڕایگەیاند؛
• “داگیرکەران هێشتا زۆر چالاکن. ڕۆژانە دەیان هێرش ڕوودەدەن”.
• “ئەوان زیانێکی زۆر گەورەیان بەسەردا دێت. بەڵام دۆخی هێرش بەردەوامە کە ئەویش: پێشکەوتنە بەرەو سنوورە ئیدارییەکانی ناوچەی دۆنێتسک.”
• “ئێمە دەستبەرداری یەک سانتیمەتر لە زەوییەکەمان نابین”.
ئەم ناوچەیە یەکێکە لەو 4 ناوچەیەی کە ڕووسیا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ڕایگەیاندبوو کە لکاندنی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شەڕ لەوێ لە نێوان سوپای ئۆکرانیا و هێزەکانی بە وەکالەت ڕووسیا بەردەوامە، هەمان ساڵ کە مۆسکۆ کریمیای لە باشوور گرتەوە.
شەڕێکی توند
هاوکات ئاژانسی هەواڵی RIA لە زاری سەرۆک شارەوانییەکی دیاریکراوی ڕووسیا لە شارۆچکەی سنێهۆریڤکا لە ڕۆژهەڵاتی شاری میکۆلایڤ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە دانیشتووانەکەی تانکیان بینیوە و شەڕی سەخت بەردەوامە.
سەرۆکی شارەوانی یوری باراباشۆڤ وتی: دانیشتووان دەڵێن تانکەکان بەدەوری شارەکەدا دەسوڕانەوە و بەپێی زانیارییەکانیان شەڕێکی سەخت لە جەرگەی شارۆچکەکە ڕوویداوە، خەڵک ئەم ئامێرەیان بینیوە لە شەقامەکانی ناوەندی شارەکەدا دەجوڵێت.
کیریل ستریمۆسۆڤ، جێگری سەرۆکی ئیدارەی ڕووسیا لە ناوچەی خێرسۆن، لە ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە لە ٣ بەرە پێشڕەوی بکەن، لەنێویاندا سنێهۆریڤکا.
ڤیتالی کیم، پارێزگاری ئۆکرانیا لە ناوچەی میکۆلایڤ ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا پێشتر هێزەکانی ڕووسیایان لە ناوچەکە دەرکردووە.
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی “تەلەگرام” وتی: هێزەکانی ڕووسیا گلەیی ئەوە دەکەن کە پێشتر لەوێ دەرکراون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانی ڕاپۆرتەکانی شەڕەکە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەسەر دۆخی شارەکە لەلایەن بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا یان ڕووسیا نەبووە.