سه‌درییه‌كان چاوه‌ڕێی شكستی كابینه‌كه‌ی سوودانی ده‌كه‌ن

ده‌زگایه‌كی ئه‌مه‌ریكی پێشبینی ده‌كات، سه‌درییه‌كان چاوه‌ڕوانی شكستی كابینه‌كه‌ی سوودانیبن بۆ پابه‌ندنه‌بوون به‌ به‌ڵێنه‌كانی تا ده‌ست به‌ خۆپیشاندان بكه‌نه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی  ئێم ئێس ئێنی ئەمه‌ریکی ئاشكرای كرادووه‌، رەوتی سەدرییه‌كان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بۆ رووخاندنی حکومەتی نوێی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، ده‌ست به‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌‌ له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لایه‌نگرانی سه‌در، سوودانی به‌شوێنكه‌وتووی نوری مالیكی ده‌زانن و پێشبینی ده‌كه‌ن له‌داهاتوودا ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت و له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌وانیش ده‌سته‌وه‌ستان نابن و شه‌قام له‌دژی ده‌جوڵێنن.

جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڕه‌چاوكردنی دۆخی وڵات و رێژه‌ی بێكاری كه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ 40%، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌گه‌ری شكستهێنانی سوودانی له‌حكومڕانیدا به‌هۆی داڕشتنی بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵئاوسانی ئابووری و بارگرانی به‌سه‌ر هاووڵاتیانه‌وه‌، ئه‌وا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا له‌ به‌رده‌م لایه‌نگرانی سه‌در ئه‌گه‌رێكی كراوه‌ ده‌بێت.

رۆژی هه‌ینی (28ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌ رێوره‌سمێكدا ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق ئه‌نجامدرا.

سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق سه‌باره‌ت به‌ به‌رێوه‌چوونی رێوڕه‌سمی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی له‌ رۆژی هه‌ینییدا كه‌ پشووه‌، سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌وه‌ نیشانه‌ی جددیه‌تی كاركردنی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به‌ كارنامه‌ و 21  وه‌زیری‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات كه‌ رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، وه‌ك كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی  راسپێردرا.

له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بۆ متمانه‌ به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، باشتركردنی دۆخی ئابووری و دابینكردنی هه‌لی كار، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانپێكه‌وتووه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سوودانی به‌ڵێنی به‌ گه‌لی عێراقدا به‌زووترین كات ته‌نگژه‌ و قه‌یرانه‌كان تێبه‌ڕێنن و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ حكومه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم و پارێزگاكانی عێراق بدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختی له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

K24

ھەواڵی زیاتر