دوای کۆنگرە شاندی پارتی سەردانی یەکێتی دەکات
عارف روشدی، ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، گۆڕانکاریی زۆر لەناو کۆنگرەدا روویانداوە، دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داندرا و سکرتێری مەکتەبی سیاسی گۆردرا بۆ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، واتا کاتێک 15 ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن، لەناویاندا دەستەیەک هەڵدەبژێردرێت کە رەنگە حەوت کەس بن و دەستەکەش بەرپرسێکی دەبێت کە دەبێتە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی.
رۆژی هەینی 04-11-2022 عارف روشدی گوتی: “ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی 51 کەسە و هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، لەگەڵ نۆ ئەندامی یەدەگ، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە لقەکانیش بەگوێرەی پەیڕەو، مەکتەبی سیاسی دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت گۆڕانکارییان تێدا بکات”.
بە گوتەی عارف روشدی، تائێستا ژمارەی تەواوی بەربژێرەکان دیار نییە، لەبەر ئەوەی تائێستاش کەسانێک خۆیان بەربژێر دەکەن و هەندێکیش دەکشێنەوە، “بەڵام ئامانجێکی گشتی هەیە کە سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێکرد، دەبێ سەرکردایەتیی پارتی هاوسەنگ بێت، هەم لەڕووی ناوچەکان و هەم لەڕووی پێکهاتەیی، هاوکات هاوسەنگییەک هەبێت لەنێوان هەردوو نەوەی تازەپێگەیشتوو و تێکۆشەری دێرین”.
عارف رووشدی راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی 14ی حیزبەکەی بە راپۆرتێکی گشتگیر ناوبرد و گوتی: “ئەو راپۆرتە کاروباری حیزبی و پەرلەمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و پەیوەندیی نێوان هەردوو حکومەتی لەخۆگرتووە و بەوردی لەسەر ئەو بابەتانە وەستاوە، ئەوەش بەرچاوڕوونییەکی باشی داوەتە کادیرەکانی پارتی بۆ ئەوەی چۆن لەسەر پرسەکان کار بکەن”.
بە بۆچوونی عارف روشدی، پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان خاڵێکی گرنگیی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: “وەک ستراتیژ ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندی تەندروستمان هەبێت، هەرێمی کوردستان چەندین حیزبی تێدایە و هەرکامە و بە رادەی خۆی پێگە و دەسەڵاتی هەیە، پرسی ئێمەش پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێ هەموو حیزبە سیاسییەکان رۆڵی تێدا ببینن، بۆیە پێویستە ئێمە پەیوەندییەکی تەندروست دروستبکەین”.
عارف روشدی گوتیشی: “بڕیاردرا دوای کۆنگرە جارێکی دیکە بە پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا بچینەوە و هیچ حیزبێک لەو پەیوەندییانە دەرناکەین”.
عارف رووشدی ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی لەدوای کۆنگرە خستوویانەتە بەرنامەی کارەوە، سەردانیکردنی لایەنە کوردستانییەکان و لەناویاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
عارف رووشدی گوتی: “پەیوەندییەکانی ئێستامان لەگەڵ یەکێتی بەو شێوەیە گرژ نییە کە باسی لێدەکرێت، پێشتریش من ئەوەم باسکردووە کە ئەگەر کێشەیەکی سیاسی هەیە، با لەگەڵ مەکتەبی سیاسی چارەسەری بکەن، ئەگەریش ئیدارییە ئەوا ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بۆ چارەسەرکردن، ئەگەر کێشەکە یاساییە، پەرلەمانی کوردستانمان هەیە با لەوێ گەنگەشە بکرێت، بۆیە گلەیی من ئەوەیە نابێ کێشەی نێوان دوو لایەنی سیاسی راستەوخۆ بە میدیایی بکرێت”.
رووداو