شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو ١ی ١١ی ٢٠٢٢ دەتوانرێت بهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و دواتر تەنها رێگە بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەدرێت
ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک لە ١ی تشرینی دووەم مۆدێلێک ئۆتۆمبێل لادەبرێت و رێگە بە هێنانە ژوورەوەی جۆرێکی دیکە دەدرێت.
وتیشی، بۆیە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو رێگەپێدراو بووە و لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی راگیراوە.
هاوکات، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاشکرای کرد، ئەوەی هەیە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە و بۆ هەموو دەروازە سنوورییەکانە لە پەروێزخانیش جێبەجێدەکرێت، لە کاتژمێر ١٢ ی شەوی رابردوەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ راگیراوە.