عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحیدی دایه‌وه‌

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی دایه‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌ی خسته‌ڕوو و تێیدا ئاشكرای كرد، شاسوار عه‌بدولواحید، هاوبه‌شی ئیداره‌ی گشتیی یه‌كێتییه‌ – كۆمپانیای نۆكان و وتی: %20ی شوقه‌كانی پڕۆژه‌ی گوندی ئه‌ڵمانی هی یه‌كێتییه‌.

هه‌روه‌ها وتی: به‌رپرسی موڵكایه‌تی كۆمپانیای نۆكان له‌ نووسراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، رازی نین به‌ فرۆشتنی پشكه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید له‌ گوندی ئه‌ڵمانی.

وتیشی: 14 سكاڵای 40 سكاڵاكاری پشكه‌كانی چاڤی لاند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شاسوار عه‌بدولواحید داخران، هه‌مووی به‌ ده‌ستوه‌ردانی سیاسیی و بێ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێت، دۆسییه‌كان له‌ 7ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022 به‌ یه‌كجاری به‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی داخرا.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح پرسیاری كرد، كاك قوباد، كاك بافڵ به‌ چ هه‌قێك ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانه‌ ده‌كه‌ن؟

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی: 21 داوای دیكه‌ به‌ مادده‌ی 456ی یاسای سزادانی عێراقی داخران.

هه‌روه‌ها وتی: سه‌یرترین نوكته‌ ئه‌مه‌یه‌، له‌ هیچ شوێنێكی دنیا ئه‌مه‌ بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناكرێت، بۆ زانیاریتان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمڕ سكاڵا له‌ دژی سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ وه‌رناگیرێت. كۆمپانیایه‌ك له‌ كۆیه‌ سكاڵای تۆمار كردووه‌، ده‌ڵێت زیانی زۆری لێداوین، چووه‌ته‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمڕ و زۆر به‌ روونی وتوویانه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ فه‌رمانمان پێكراوه‌ و سكاڵا له‌ دژی ئه‌و كه‌سه‌ وه‌رناگرین.

ئاشكراشیكرد، پێرێ ته‌ندرووستی سلێمانی چوون سكاڵای له‌ دژ تۆمار بكه‌ن له‌سه‌ر تۆمه‌تانه‌ی خستوویه‌تییه‌ پاڵیان، به‌ روونی پێیان وتوون له‌ سه‌ره‌وه‌ پێمان وتراوه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار نه‌كرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئاشكرای كرد، به‌ڕێوبه‌ری پێشووی بنكه‌ی ئه‌زمڕ، ناوی كاك سه‌ربه‌ست بووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی كه‌سێكی نزیكی شاسوار عه‌بدولواحید له‌سه‌ر فه‌رمانی دادگا ده‌ستگیر بكات و مه‌فره‌زه‌ی ناردووه‌، مه‌فره‌زه‌كه‌ نێردراوه‌ته‌وه‌ و سزادراوه‌ و ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ش ده‌ركراوه‌.

هه‌روه‌ها وتی: په‌رله‌مانتارێك كه‌ پێشتر تۆمه‌تی بۆ درووستكرابوو، سكاڵای تۆمار كردبوو، ئێستا په‌رله‌مانتاری یه‌كێتییه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دۆسییه‌كه‌ راگیراوه‌، دانه‌خراوه‌، واته‌ كۆنترۆڵی دادگایان كردووه‌.

ئه‌وه‌یشی وت: خه‌ڵك له‌ بیرییه‌تی كۆمه‌ڵێك گه‌نج هێنرانه‌ سه‌ر شاشه‌ و وترا په‌یجه‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵام كوا دۆسییه‌كه‌یان له‌ دادگا، واته‌ كێ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح باسی له‌وه‌شكرد، دۆسییه‌كی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی كاره‌با هه‌یه‌ و سكاڵای تۆماركردووه‌ و پله‌ی بنبڕی وه‌رگرتووه‌ و به‌ پێی بڕیاری دادگای به‌رایی سلێمانی 626 ملیۆن دینار كه‌ جێبه‌جێكردنی زۆره‌ ملێیه‌ و تا ئێستا دۆسییه‌كه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. واته‌ فه‌رمانی دادگاش ده‌ربچێت، كه‌س بۆی نییه‌ جێبه‌جێی بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح باسی له‌ دۆسییه‌ی هاووڵاتییه‌كی كوردی باكوور كرد و وتی: بایی 1 ملیۆن و 364 هه‌زار دۆلار كاڵا و شمه‌كی پێداوه‌، له‌ 20ی ئه‌یلووله‌وه‌ داوای لێكراوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌وه‌، تا ئێستا وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

له‌ باره‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تیشه‌وه‌ وتی: هاووڵاتییه‌كی هه‌ژار پاره‌ی كاره‌با نه‌دات، پاره‌كه‌ی ده‌بڕن، به‌ڵام 82 ملیار و 924 ملیۆن دینار قه‌رزاره‌، واته‌ 10 هه‌زار و 500 ئه‌وه‌نده‌ی مووچه‌ی په‌رله‌مانتار، كه‌چی پاره‌كه‌ به‌ هه‌وه‌س نادات، ئێ خێره‌ یه‌كێك قه‌رزی عه‌قاری لابێت یان هاوسه‌رگیری كه‌فیله‌كه‌ی ده‌گرن، كه‌چی ئه‌و دوو ملیار دینار پاره‌ی كاره‌بای لایه‌ نایدات، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك سێ ملیۆن دینار قه‌رزی لابێت كاره‌بای ده‌بڕن.

وتیشی: 30 ملیۆن دۆلار قه‌رزی خه‌ڵكی لایه‌ و نایداته‌وه‌، قه‌رزی حكومه‌تی له‌سه‌ره‌ نایداته‌وه‌، كه‌س ناوێرێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، ئایا له‌ دیموكراسیترین وڵاتی جیهاندا، ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ به‌خشنده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆندا.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح دۆسییه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا كرد، هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوی نوری سه‌باح حسێن، خاوه‌نی كۆمپانیای سه‌ما لوئلوئ و له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كدا، نووسراوه‌ به‌ 424 ملیار دینار چاڤی لاندی پێ فرۆشراوه‌. خۆ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ ناسراو بێت و وێنه‌یه‌كی هه‌بێت و ئه‌مه‌ شوفێری كێیه‌ و بۆ كردووته‌ به‌ ناوییه‌وه‌، ئه‌مه‌ شوفێری برایه‌تی.

k24

ھەواڵی زیاتر