حکومەتی هەرێم لەسەر قەرزەکانى شاسوار عەبدولواحید هاتە دەنگ

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، شاسوار عەبدولواحید و هەموو ئەوانەی قەرزاری حکومەتن، بە رێکاری یاسایی قەرزەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە و بەم نزیکانە موڵکەکانى دەخرێتە مەزادەوە.

عەبدولحەکیم خەسرەو بە میدیاى پارتى راگەیاند ”شاسوار عەبدولواحید 43 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە حکومەت قەرز کردووە، هەروەها 38 ملیار و 700 ملیۆن دینار سوودی قەرز هاتووەتە سەر قەرزەکەی، هەموو ئەو پارەیەی بە رێکاری یاسایی لێ وەردەگیرێتەوە.“

رونیشیکردووەتەوە ”شاسوار عەبدولواحید بەرامبەر ئەو قەرزەی لە حکومەتی کردووە، چوار موڵکی لە رەهن داناوە، موڵکەکانی لە سلێمانین و بەم نزیکانە حکومەت بەپێی یاسا موڵکەکانی دەخاتە موزایەدەوە، هەرچەندە ئەو موڵکانە بایی ئەو قەرزە نین کە لەلایەتی، بەڵام حکومەت بەپێی یاسا رێكار لەگەڵ موڵک و ماڵەکانی دیکەی دەگرێتە بەر.“

عەبدولحەکیم خەسرەو باسى لەوەشکرد، هەموو رێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لەلای بازرگان و سەرمایەدارەکانە گیراونەتە بەر، ئەو موڵکانەی لە رەهن بەرامبەر قەرزەکان دانراون، رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر، هەم لە لایەن تاپۆ، هەم وەزارەتی داد و وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

وتیشی”هەموو رەهنەکان گەیشتوونەتە قۆناغی فرۆشتن، یان بەناوی وەزارەتی دارایی دەکرێن، تا ئێستا 65 موڵک کە لە رەهن دانراون، بە ناوی وەزارەتی داراییەوە کراون، هەروەها موڵکەکانی شاسواریش، کە لە رەهن دانراون، رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە.”

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ (29-10-2022) رەتیکردەوە قەرزار بێت و وتى “حکومەتى هەرێم 23 ملیار دۆلارى پاشەکەوتى موچەى خواردووە، ئەگەر قەرزاریش بم دەستم خۆش بێت و نایاندەمەوە”.

ھەواڵی زیاتر