سێ پەرلەمانتاری کوردستان کە پێکهاتوون لە (عەلى حەمەساڵح، ئەبوبەکر هەڵەدنى، عومەر گوڵپى) راگەیەندراوێکى هاوبەشی نوێیان لەسەر تەندروستی د. کازم فاروق بڵاوکردەوە
دەقى راگەیەنراوەکە:
هاوڕێمان كاك دکتۆر کازم فاروق، لە دۆخێکی تەندروستی خراپدایە، لە خودا داوا دەكەین شیفای بدات، لە ئێستەدا کەس و كارەكەی تەنیا داوای دوعای خێریان هەیە لە خەڵكی كوردستان.کە ٧٢ کاتژمێری بۆ دانراوەو ٢٤ کاتژمێری ئەو ماوەیە تێپەڕیوە.. بۆ نوێترین زانیاری لە دۆخی تەندروستی چاوەڕێی وەڵامی بۆردی پزیشکی چاودێری دکتۆر کازمن.
هەرچەندە موچە لەم دۆخەی كاك دکتۆر كازمدا بابەتێکی لاوەکیە، موچە بەیاساش ڕێکخراوە و تا ئێستاش دکتۆر كازم بە پێی یاسا ئەندامی پەرلەمانە، ئەگەر دکتۆر کازم دەوامی نەکردبێت بەویستی خۆی نەبووەو خۆی ئامادەبووە ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت.
بەهۆی نیگەرانی کەسوکاری لە وروژاندنی بابەتی موچە، ئێمە بەدواداچونمان کرد، بزانین ئایا کەس لەبری دکتۆر کازم موچەکەی وەرگرتوە؟
داوای حساباتی بەڕێز دکتۆر کازممان کردو داوامان لە بەشی حسابات کرد زانیاریمان پێبدات، دەرکەوت : لەماوەی ئەم چەند مانگەی کە دۆخی تەندروستی خراپە، نەخۆی و نەهیچ کەسێکی هیچ بڕە پارەیەکی لە ژمارە حسابی دەرنەکردوە.
ئەمڕۆ پاش هەواڵپرسینی، بەڵێنمان بە کەسوکاری دایەوە، لەگەڵ هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان هەموو لێکۆڵینەوەو بەدواداچونێک بۆ دۆخی دکتۆر کازم دەکەین و ئەو كاتەی پێویست بوو بە ئاگاداری خۆی یان كەس و كاری ڕایگشتی ئاگادار دەكەینەوە.
خودا شیفای دکتۆر کازم فاروق بدات.
عەلی حەمە ساڵح
ئەبوبەکر هەڵەدنی
عومەر گوڵپی
٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٢