ئەنجومەنی وەزیران دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی تاووتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئۆکتۆبەر( تشرینی یەکەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی کە لەلایەن سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی کرد، کە دامەزراوەیەکی زۆر پێویستە بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی و یەکێکیشە لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازی ئیداری و ڕێکخستنەوەی میلاکی گشتی فەرمانبەران و سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە و پێداچوونەوە بە پەیکەری پێکهاتەی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان، بە میکانیزمێکی زانستی و گونجاوتر و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەت لە پرسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ڕیفۆرمی ئیداری و ڕێکخستنی پلەبەندی ڕاژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریکردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت، پشتبەست بە میلاكاتی ئەلیكترۆنی کە بڕیارە بە ئامانجی بەئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران و شەفافکردن و نەهێشتنی ناڕێکییە کارگێڕییەکان دروستبکرێت،.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ، ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی ڕاسپێردرا، بە تاووتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێم، لەبەر ڕۆشنایی دیدگا و ستراتيجی پەسەندکراوی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی.
لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە پێناو ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی موڵکی گشتیی، پێشنیارێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو، سەبارەت بە هەموارکردنی شێوازی بەکرێدانی ناوچە پیشەسازییەکان، کە موڵکی گشتین. بە مەرجێک ڕەچاوی ئاسانکاریی پێویست بکرێت، بۆ برەودان بە پڕۆژە و چالاکیيە پیسەشازییەکان و ڕێگەنەدرێت بە کەسانێک کە خاوەنی هیچ پیشە و چالاکیەکی پیشەسازیی نین، بە شێوەیەکی ناڕەوا، سوود لە زەوی پڕۆژەکان وەربگرن و زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن.
دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و ڕاسپاردە ، ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیار و تێبینیانەی خرانەڕوو، پەسەند کرد.
پاشان ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان و کلدانی سریانی ئاسووری و ئەرمەن و پێشنیاریان بۆ جێگیرکردنی ڕۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە ڕۆژمێری فەرمیی هەرێمی کوردستان بەناوی ( ڕۆژی بەیەکەوەژیان) پشتبەست بە یاسای یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ی ساڵی 2015 پێشکەش کرد.
سەرۆک وەزیران، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە کە بووەتە سیمایەکی گەش و مایەی شانازی هەمووان و دووپاتی کردەوە کە هەرچی پێویست بێت بۆ برەودان بە کولتووری پێکهاتە جیاوازەکان دەیکەین، لە پێناو زیاتر لەیەک نزیککردنەوەی پێکهاتەکان و دەوڵەمەندکردنی کولتووری هەمەڕەنگی کوردستان و خزمەتکردنی گشت هاونیشتمانییانی کوردستان بە بێ جیاوازی.
دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت ودامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ بەدواداچوونی پێشنیارەکانی هاتوو لە ڕاپۆرتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە پێناو برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە کوردستان، کە نیشتیمانی هاوبەشی گشت پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکانە بە بێ جیاوازیی ، لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
لە بڕگەی چوارەم و کۆتاییدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کەمال موسلیم ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کێشەکانی تایبەت بە بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان وکۆگاکان و گواستنەوەی ئەو بەشەخۆراکە و هەماهەنگیکردن لە گەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵی بۆ مسۆگەرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ دابینکردنی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان پێشکەش کرد، بە ئامانجی چارەسەکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی تایبەت بەم بابەتە و چارەسەرکردنی دواکەوتنی گەیشتنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیكردن لە وەزیری بازرگانی وپیشەسازیی، بۆ سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵیی و دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەم بارەیەوە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم.
لەهەمانکاتدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (بازرگانیی وپیشەسازیی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان و دارایی وئابووری) ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیە، کار بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشیی خۆراک لە هەرێم و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا، پێشنیارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکەن.