چل دۆنمی شاخی گۆیژەی سلێمانی سەوز دەکرێت

دەقی ڕاگەیەندراوە

بەشێکی دیکەی شاخی گۆیژە سەوز دەکرێت

پرۆژەی سەوزکردنی شاخی گۆیژە لەسەر ڕووبەری ٤٠ دۆنم زەوی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، قایمقامی سلێمانیش بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و دەڵێت، سەوزکردنی شاخی گۆیژە خەمێکی گشتی و ئەرکێکی نیشتیمانیە.

لەچوارچێوەی پرۆژە بەردەوامەکانی تایبەت بە سەوزکردنی شاخی گۆیژە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣/١٠، ئاوات محمد، قایمقامی سلێمانی لە دیوانی قایمقامیەت لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو رێکخراوی (CDO) و (CECVI) کۆبووەوە و باس لە میکانیزم و دیاریکردنی شوێنی چاندنی نەمامەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەی (سەوزکرنی شاخی گۆیژە لەسەر رووبەری ٤٠ دۆنم زەوی) کرا، کە بە هاوکاری و هەوڵ و ماندووبونی هەردوو رێکخراوەکە پرۆژەکە پێیناوەتە قۆناغی جێبەجێبوونەوە.

لای خۆیەوە، ئاوات محمد بە گرنگییەوە باسی لە هەماهەنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی حکومی کرد و رایگەیاند، “رێکخراوەکانی کۆمەڵکەی مەدەنی هاوشانی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە لە سەوزکردنی شاخی گۆیژەدا و لەو پێناوەدا کاریان کردووە، وە هاوکاری باشی پرۆژەکان بوون و جێدەستیان دیاربووە”.

لە بارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و دیاریکردنی زەوی بۆ چاندنی نەمامەکان، ئاوات محەمەد باسیلەوەكرد، رووکاری شاخی گۆیژە بەڕووی سلێمانی نزیکەی دوو هەزار دۆنم سەوزکراوە هێشتا ڕووبەرێکی زۆری ماوە کە پێویستی بە سەوزکردن هەیە، لەو ڕووبەرەدا بە هەماهەنگی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان رووبەری ٤٠ دۆنم زەوی دیاریدەکەین تاوەکو رێکخراوەکە دەستبکات بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

لەو رووەشەوە قایمقامی سلێمانی هەماهەنگی و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دوپاتکردەوە و ووتی، “سەوزکردنی شاخی گۆیژە ئەرکێکی نیشتیمانییە و هەستکردنە بە پەرپرسیارێتی، هاوکات خەمێکی گشتییە و لەڕووی ژینگەیەوە خزمەتێکی گەورە بە شاری سلێمانی دەکات”.

ئەم پرۆژەیە هەردوو رێکخراوی (CECVI , CDO) کاریان لەسەر کردووە، وە هەروەها رێکخراوی خۆبەخشی ئیتاڵی (AICS) ئەرکی تێچوونی پرۆژەکەی خستۆتە ئەستۆی خۆی.

راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی

ھەواڵی زیاتر