نەوەی نوێ بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق دەکات؟
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، پەیامێکی بڵاو کردەوە:
بڕیاری کۆتاییمان لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق:
ئەمرۆ پينج شەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٠ پێشوازیمان کرد لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەرێز(محمد شیاع سودانی) کە سەردانی کردبوین تایبەت بە بەشداریکردنی نەوەی نوێی لە حکومەتی نوێی عێراق.
سەرەڕای سوپاس و پشتیوانیمان بۆ هەوڵەکان و بەرێزیان و بەرنامە باشەی کە بۆی باسکردین، پێمان راگەیاند کە دڵخۆشین بە بیستنی ئەم بەرنامە و روئیایە،وە بە دڵنیاییەوە پشتیوانی هەموو کارێکی جوان و باش دەبین، وە ئەگەر خوانەکردە خراپیش بوون یان کەموکورتیان هەبوو، ئەوا بێگومان رەخنەگر و چاودێر دەبین بەسەریانەوە.
بەڵام لە راستیدا بە هۆی وەرگرتنی رایەکی زۆری هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، وە پاش گفتوگۆ لەناوخۆی خۆمان و ناو جوڵانەوەکە و فراکسیۆنەکە ، وە بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئێمە بەم وەزاراتانەوە دەتوانین خزمەتی هاوڵاتییان بکەین یاخود نا ! بۆیە بڕیارمان دا کە بەشداری حکومەت نەبین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین. بەڵام لە دڵەوە هیوادارم ئەم کابینەیە خزمەتی خەڵک بکات و داوام لە بەرێزیان کرد کە هەرچۆن بێت خزمەتی خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. وە گوێمان لێ بگرێت کاتێک داواکاری خەڵکی کوردستانی دەگەێنینە لای و هەوڵی چارەسەر کردنی بدات.
شاسوار عەبدولواحید