رۆژی 18ى تشرینى یەکەمى 2022، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە پەرلەمان دەکات رۆژى شەممە 22ى مانگ، دیاری بکات بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە بۆ دەنگدان بە حکومەتی نوێى عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، بەگوێرەى دابەشکاریى بەرایی، 12 وەزارەت لە حکومەتى داهاتووی عێراق بەر ئەو هاوپەیمانێتییە دەکەوێت.
لەو 12 وەزارەتە چوار وەزارەتیان بۆ هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دەبێت کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، چوار وەزارەتى دیکە بۆ هاوپەیمانیى فەتح دەبێت کە هادى عامرى سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها دوو وەزارەت بۆ سەربەخۆکانى نزیک لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و دوو وەزارەتى دیکەش بۆ لایەنەکانی دیکە دەبێت.
وەزارەتی شیعەکان بریتین لە: ناوخۆ، نەوت، دارایی، کارەبا، تەندروستی، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، سەرچاوە ئاوییەکان و گەیاندن.
د. عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراقى ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە دابەشکاریی وەزارەتەکان بەو شێوەیە دەبن لەنێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى و گوتی: “تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 20ى تشرینى یەکەم دابەشکارى وەزارەتەکان بەتەواوى یەکلایی دەکرێنەوە.”
پشکی کورد 4 وەزارەت دەبێت کە سیانیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە.
هەروەها مەلا شوکر کەریم، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پۆستێکی وەزاریی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکان، پۆستە وەزارییەکانی کورد بریتین لە وەزارەتەکانی: دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، ژینگە و داد.
سەبارەت پشکی سوننە، 6 وەزارەتە، 4 وەزارەت بۆ هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی. وەزارەتەکانی سوننەکان بریتین لە، بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و کانزاکان، بازرگانی و رۆشنبیری.
لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقدا کریستیانەکان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران-یان پێ دەدرێت. هاوکات ئەگەر هەیە تورکمانەکان و سەربەخۆکان وەزارەتێکیان پێ بدرێت.
ژێدەر
رووداو