بەرهەم ساڵح بەهۆی ئەوەی بەفەرمی بانگهێشت نەکرابوو، بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی عێراقی نەکرد. راوێژکاری لەتیف رەشیدیش دەڵێت، چاوەڕێ بوون بەشداری بکات، چونکە “ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن”.
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو.
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەست کەوتووە، بەرهەم ساڵح بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق بەفەرمی بانگهێشتنەکراوە، تەنانەت ئاگاداری کات و رۆژی رێوڕەسمەکەش نەبوون.
بڕیار بووە دوێنێ رێوڕەسمەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێکەوتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بووە و هاوکات بووە لەگەڵ رووداوەکانی ساڵی 2017، رێوڕەسمەکە رۆژێک دواخراوە.
عەلی عەلیاوایی، راوێژکاری لەتیف رەشید لەبارەی هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بەرهەم ساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆککۆماری پێشوویان بانگهێشت نەکردووە چونکە، “ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن” و چاوەڕێیان کردووە بەشدار بن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نزیکی بەرهەم ساڵح دەستی کەوتووە، بەرهەم ساڵح هیچ گرفتێکی لەگەڵ لەتیف رەشید نییە،
تەنانەت یەکەم کەس بووە کە پیرۆزبایی لێکردووە.
دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات رۆژی 13ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆبووەوە.
لەتیف رەشید دەبێتە چوارەم کەسایەتى سیاسیی کورد کە لە ساڵى 2003 ئەو پۆستە وەربگرێت، دوای هەریەک لە جەلال تاڵەبانى، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح پێشتر سەرۆککۆمار بوون.
رۆژی 13-10-2022 پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن. لە گەڕی دووەمدا 269 ئەندامی پەرلەمان ئامادە بوون و د. لەتیف رەشید بە دەنگی 162 پەرلەمانتار وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا. د. بەرهەم ساڵحیش 99 دەنگی بردەوە؛ 8 دەنگی بەتاڵیش هەبوون.
رووداو