دەستکرا بە گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ

قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ40%ی هه‌ولێر دابین ده‌كا، ده‌ستی پێكرد.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند “ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز سێی هەولێر دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و 750 مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و 650 ملیۆن دینارە”.
درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، 11 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها رایگەیاند “کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە 21 ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، 110 بۆ 120 رۆژە”.

ھەواڵی زیاتر