دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی دووشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مایك بڕایسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە دەیڤید هێنت كونسوڵی گشتیی بریتانیا ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانكارییەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرا و، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن بێت و بە پێویستیش زانرا ئەو پڕۆگرامەی كە لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەی سیاسی لەسەری ڕێككەوتوون، جێبەجێ بكرێت. بەجۆرێك ئەو پڕۆگرامە وەك و نەخشەڕێگەیەك بێت بۆ ڕێڕەوی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختیشی لە بایەخی ڕۆڵی ئافرەت و بەهێزكردنی ئەو ڕۆڵە كردەوە و هێمای بەوە دا كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگی پێگەیاندنی ئافرەتی چالاك بووە و بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە هەمیشە ڕۆڵی بە ئافرەت داوە.