ڕێبوار تاڵەبانی: ئەوانەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان کرد دەچنە زبڵدانی مێژووەوە

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، ئەوانەی خیانەتیان کردووە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا هەرگیز لەیاد ناکرێن و لە مێژوودا تۆمار کراوە و هاوشێوەی سەددام و ڕژێمی بەعس دەچنە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە خیانەتێکی زۆر گەورە بوو لە کورد کرا .

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، ڕێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”داوا لە خوای گەورە دەکەین بەهەشتی بەرین بکاتە شوێنی شەهیدان و سەربڵندی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بەتایبەت ئەوانەی داستانی پردێ و سحێلایان تۆمار کرد، پێویستە ئێمە جارێکی دیکە سوود لە ڕابردوو وەرگرین و کار بۆ داهاتوو بکەین، ئێمە پێش 2003 لەگەڵ عێراق 100 ساڵ خەباتمان هەیە کە چۆن ئەیانەوێت ناسنامەی کورد بسڕنەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان و دوای 2003 و دانانی دەستوور و حکوومەتی ئێستاش باس لەوە دەکەن کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن و هیوادارین چارەسەر بکرێت.”

ڕێبوار تاڵەبانی گوتیشی: ”پێویستە لەسەر کورد و حکوومەتی هەرێم هەمان ئەزموونی حکوومەتەکانی پێشوو دووبارە نەبێتەوە و ئەم جارە بەجددیتر و گڕوتینێکی دیکە و دانانی پلان و ستراتیژییەکی تازەوە ئەو بەڵێنانەی بە کورد دەدرێن بەرنامەی بۆ دابنرێت و جێبەجێ بکرێن.”

تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە: ”مێژوو هەموو شتێک تۆمار دەکات و ئەوەی پێش 100 ساڵ خیانەتی لە کورد کردووە تا ئێستا باسی دەکرێت و ئەوانەی ئەو خیانەتەشیان کردووە لە 16ی ئۆکتۆبەر هەمان نموونەن و مێژوو لەیادیان ناکات و تۆمار کراوە، کە چۆن سەددام چووە زبڵدانی مێژووەوە ئەوانەی خیانەتیشیان کردووە دەچنە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە ئەمە خیانەتێکی زۆر گەورە بوو کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا دژی کورد کرا.”

ھەواڵی زیاتر