بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خۆشحاڵم کە دەبینم کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جیاوازتر لە کەیسی تیرۆرکردنی شەهید موراد و هاوڕێکانی ڕێڕەوی ڕاستی خۆی وەرگرتووە، سەرەڕای دەستخۆشی زۆرم بۆ هێزە ئەمنییەکان کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا بکەرانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە بێویژدانییە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکەن.لە ئێستاشدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لەم تاوانە قێزەونە تیرۆریستییە، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کەتنی لەم جۆرە کە نەک تەنیا شەهید هاوکاریان کردە ئامانج، بەڵکو دەستیان برد بۆ خێزان و منداڵەکانیشی، هەر لێرەوە ڕوودەکەمە کەسە دڵسۆزەکانی نێو دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تر، من دڵنیام زۆرینەتان دڵسۆزی خەڵک و خاکەکەتانن، لە ڕابردووشدا بە گیانفیدایی و ئازایەتی خۆتان سەلماندووتانە، هەروەک لە دواین کۆبوونەوەم لەگەڵ ئێوەدا پێم ڕاگەیاندن کە ڕێگە مەدەن هیچ کەس و لایەنێک ناو و ناوبانگتان لەکەدار بکەن، چونکە ئێوە ئەو پلەیەتان بە خوێن بەدەستهێناوە، نابێت لە پێناو پۆست و پارە لەدەستی بدەن، لە ئێستادا هەرگیز ڕێگەمەدەن بەو کەسانەی کە لە دوای کەتنەکەی ٨ی تەمووزەوە لە پێناو پۆست و پارە خۆیان فرۆشت، چیتر ناو و ناوبانگتان لەکەدار بکەن.
شەرمەزار و سەرشۆڕیی بۆ بکەرانی ئەم کەتنە، بۆ ئەوانەشی کە بەردەوام هانیان دەدەن و دەست لە پشتیان دەدەن.
ڕوحی پاکی شەهید هاوکار و شەهید موراد و هاوڕێکانی شاد و ئاسوودە بێت.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر